بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی کۆبوونەوەی یەک شەممەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئاماژە بە پاڵپشتی ئەمریکا لە ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزی لە ئێران وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە موڵەتی ئەوە بە خۆی دەدات پەرە بە ئاژاوەگێڕی، تیرۆر و تێکدانی ڕەوشی گشتی لە وڵاتێکی دیکە بدات، وەبیرهێنەری وتەی هەمیشە زیندووی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە ئەمریکایان وەک شەیتانی گەورە ناو بردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لە ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕۆڵی ئەمریکا وەک شەیتانی گەورە دەبینرێت، وتی: 70 ساڵ پاڵپشتی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستین و هەروەها دوو دەیە تاوان و خوێنڕشتن لە ئەفغانستان، نموونەی کردەوەکانی شەیتانی گەورەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمریکا لە هەر هەنگاوێکی باش، داهێنەرانە و پێشکەوتنی گەلی ئێران هەست بە توڕەیی دەکات و بە کەموکوڕییەکان، کێشە و ئاڵۆزییەکان خۆشحاڵ دەبێت بەڵام گەلی ئێران دوژمن و پیلانەکانی دەناسێت و ئەمجارەش لە گەیشتن بە ئامانجەکانی تووشی شکستی دەکات و ڕێگای پێشکەوتن و سەربەرزی درێژە پێدەدات./.