بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەکانی نزیک لە بزوتنەوەی خۆڕاگریی فەڵەستین (حەماس) ڕایانگەیاندووە کە بڕیارە شاندێکی ئەم بزوتنەوەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی پایتەختی سوریا بکەن و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆببنەوە.
ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنان ئەمڕۆ شەممە 15 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سەر زاری سەرچاوەکانی تایبەت بە خۆی ڕایگەیاند کە ئەم کۆبوونەوە لە سەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەکرێت و حەماس بانگهێشتەکەی قبووڵ کردووە.
ڕۆژنامەی ئەخبار ڕایگەیاندووە کە بڕیارە کۆبوونەوەکە داخراو بێت و بە ئامادەبوونی ئەسەد و شاندەکەی حەماس بە بێ بوونی پەیامنێران بەڕێوە بچێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە نزیکەکانەوە بە دەستی ڕۆژنامەی ئەخبار گەیشتووە، کێشەکانی نێوان هەر دوو لا و دۆزینەوەی چارەسەرەکانی یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت. هەروەها بڕیارە پرسی کردنەوەی نووسینگەی حەماس لە دیمەشق لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت.
ڕۆژنامەی ئەخبار ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کێشە و بەربەستە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی حەماس، خالید مەشعەل سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسە لە دەرەوە فەڵەستین کە هەڵوێستی دژ بە بەشار ئەسەدی هەیە و سەرۆک کۆماری سوریاش بە هەمان شێوە تێڕوانینی ئەرێنیی لە سەر ناوبراو نییە./.