بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسانی فەڵەستینی لەو بڕوایەدان کە ئەگەر ڕۆڵ و دەستێوەردانی حزبوڵڵا لە پرۆژەی دیاریکردنی سنوری دەریایی نەدەبوو، بە تایبەت لە پاش هەڕەشەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا، ئەم ڕێکەوتنە هیچ کات واژۆ نەدەکرا.
سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارەکەی ئەم دواییەی خۆی جەختی لەوە کردبووە کە ئەگەر دەستی لوبنان بە نەوت و غاز نەکات، هیچ دەرهێنانێکی وزە لە کێڵگەی کاریش ڕوو نادات.
بەرپرسانی فەڵەستینی ڕایانگەیاندووە کە ئەم هاوکێشەیە خێرایی بەخشییە دانوستانەکان و بووە هۆی ئەوەی کە لایەنی ئەمریکی دەستێوەردانی هەبێت و دانوستانەکان تا واژۆکردنی ڕێکەوتن ببات.
ئەوان ڕوونیان کردووەتەوە کە چەندین هۆکار بووە هۆی گەیشتن بەم ڕێکەوتنە، بۆ نموونە، حزبوڵڵا بەوپەڕی بەهێزییەوە دەستێوەردانی لەم دۆسیەیەدا کرد، وێڕای ئەوەی کە حکومەتی لوبنانیش یەکگرتوویی خۆیی لە بەرامبەر زایۆنیستەکان پاراست، سەرۆک کۆماری لوبنانیش هەڵوێستی نیشتمانپەروەریی هەبوو. دابەزینی ئاستی کاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریکاش دەبێت لەم هۆکارانە زیاد بکرێت. ڕەنگە پێویستی ئەمریکا و ئەورووپا بە وزە بە تایبەت لە پاش بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە بێت، لە سەر بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەسیش ناکۆکی کەوتووەتە نێوان واشنتن و ڕیاز.
گرنگی بڕیار و دەستێوەردانەکانی حزبوڵڵا لەم دۆسیەدا کاریگەریی لە سەر چارەنووسی لوبنان بۆ داهاتووش دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە شرۆڤەکارانی ئەورووپی پێیان وایە لە لوبنان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی سەرکەوتنی بە دەست هێناوە و بە تایبەت پاشەکشەی ئەم ڕژێمە لە ڕووی سەربازییەوە بەرچاو بووە.
سەرکەوتنەکەی لوبنان و حزبوڵڵا لە پرۆژەی دیاریکردنی سنوری دەریایی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی نەک تەنیا سەرکەوتنێکی ئابوری، بەڵکوو لە ڕووی سەربازی و تەکتیکیشەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە.
لە گەڵ ئەمەش، بەرپرسانی باڵای ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام مەترسی زیاتربوونی توانا و هێزی حزبوڵڵایان لە سەرە و لەوەش دەترسن کە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە ناوخۆ و دەرەوە بە کەڵک وەرگرتن لەم دەسکەوتە گەورەیە بەوە بگەن کە دەتوانن ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بە پێدانی ئیمتیاز بکەن.
ئەم سەرکەوتنەی حزبوڵڵای لوبنان وەک ئەزموونێکە کە خۆڕاگریی فەڵەستین لەو ڕێگایەوە دەتوانێت مافە تاڵانکراوەکانی لە ڕژێمی زایۆنیستی وەربگرێتەوە.
کەمترین مافی فەڵەستین لە ئێستادا داواکردنی غازە لە کێڵگەی غازیی کەناراوەکانی غەززە کە ڕژێمی زایۆنیستی ساڵانێکە تاڵانی دەکات.
ئەزموونی لوبنان وا لە خۆڕاگری فەڵەستین دەکات کە بە پشت بەستن بە هێزی چەک، گوشارەکانی لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و گەیشتن بە سەروەت و سامانی فەڵەستین زیاتر بکات./.