بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەشەم کۆنفرانسی لوتکەی هاریکاری ئاسیا (سیکا) کە لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەچوو، وتی: گەلی ئێران بژاردەی سەربازیی ئەمریکای بێ کاریگەر کردووە و ئێستا لە پاش شکستی سیاسەتی سزا و گەمارۆدانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، واشنتن و هاوپەیمانەکانی ڕوویان هێناوەتە سیاسەتی شکستخواردووی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی وڵاتانی دیکە و ئەوەی کە بووەتە هۆکاری سەرکەوتنی گەلی ئێران و دوژمنانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە، گرنگیدانی گەلی ئێرانە بە پێشکەوتنەکان بە پێی توانا ناوخۆییەکان.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مسۆگەربوونی سیستەمێکی دادپەروەرانە بە پێی هاوکاری، ڕێزی بەرامبەر، سیاسەتی دراوسێبوون، هاوکاری و چەندجەمسەری هەوڵ دەدات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای بە دابینکردنی بەرژەوەندی وڵاتانی سەربەخۆ لە ڕێگای هاوکاری هاوبەشەوە هەیە و بەدەر لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان درێژە بەم ستراتیژەی خۆی دەدات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: گەلی ئێران هەر کات ڕێگای سەربەخۆیی و پێشکەوتنی هەڵبژاردووە ڕوبەڕوی دژایەتی وڵاتانی دوژمن بووەتەوە کە نموونەی ئەمەش کودەتا و گەمارۆ و دەیان پیلانگێڕی تەنانەت لە پێش شۆڕشی ئیسلامی بووە.
ناوبراو وتی: گەلی ئێران بژاردەی سەربازیی ئەمریکای بێ کاریگەر کردووە و وەک چۆن کە خۆیان دانیان بەمەدا ناوە، سیاسەتی گەمارۆ و زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران تووشی شکست و سەرشۆڕی بووەتەوە، ئێستاش بەم هەموو شکستەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕوویان هێناوەتە سیاسەتی ئاڵۆزکردن و ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی ناوخۆیی کە بە دڵنیاییەوە شکستی ئەوانی بە دواوە دەبێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی وتی: ئەو وڵاتانەی کە خۆیان تیرۆریزم پەروەردە دەکەن نابێت یاسا و پێودانەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دابنێن، ئەو زلهێزانەی کە سیستەمی دارایی جیهانیان بە بارمتە گرتووە و درێژە بە دزینی سەروەت و سامانی وڵاتان دەدەن، ناتوانن هاوبەشێکی متمانەپێکراو بن.
ناوبراو تیرۆریزمی ئابوریی بە هەڕەشەیەکی جیهانی ناو برد کە پێویستی بە هاوکاری بەردەوام و وەڵامدانەوەی گشتییە./.