بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی سی و شەشەمین کۆنفرانسی یەکڕیزی ئیسلامی لە تاران، وێڕای پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی حەزرەتی محەممەد (د.خ) و ئیمام سادق (ع) وتی: ئەمڕۆ موسڵمانان خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە کە دەتوانن لە بەرامبەر ئەوەی دەبێتە هۆی ناکۆکی بوەستنەوە، ئەم خاڵە هاوبەشانە ئێمەی پێکەوە کۆکردووەتەوە و دەتوانێت هێز و گەورەیی موسڵمانان لە سەر ئاستی جیهان پیشان بدات.
ناوبراو وتی: گردبوونەوەی زانایانی جیهانی ئیسلام لەم کۆنفرانسەدا پەیامێکی بۆ دوژمنان هەیە کە ئێمە دەمانەوێت ژیانی مرۆڤی ئێستا بە پێی ئائینی ئیسلام بێت. بە لای هەندێکەوە ئائین بابەتێکی کەسییە و پەیوەندی بە کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و …. نییە بەڵام ئێستا بە بەرەکەتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و خوێنی شەهیدانەوە، موسڵمانان دەیانەوێت لە سەرجەم بوارەکاندا بە پێی بنەماکانی ئائینی پیرۆزی ئیسلام هەڵسووکەوت بکەن و دوژمن لەمە دەترسێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی بۆ ڕێگری لە مسۆگەربوونی یەکڕیزی ئیسلامی، وتی: حکومەتە بەکرێگیراوەکان لە وڵاتانی ئیسلامی، ئیمپراتۆریەتی میدیایی بۆ دژایەتی موسڵمانان، پێکهێنان و پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستی و توندڕۆکان بۆ کوشتاری موسڵمانان، سووکایەتی بە پیرۆزییەکان و نموونەکانی دیکە بە ئامانجی ناکۆکی خستنە نێو موسڵمانان و دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی لە جیهانی ئیسلامدا لە لایەن دوژمنانەوە جێبەجێ کراوە تا هێزێک بە ناوی ئائین و ئیسلام گەشەی نەبێت بەڵام ڕۆڵی زانایانی ئیسلامی لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پیلانگێڕییەدا گرنگ و کەم وێنەیە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پەیامی شۆڕشی ئیسلامی خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنان بوو و ئەمەش وەڵامی هەبوو. شەڕی 33 ڕۆژە پیشانیدا کە ڕێگای سەرکەوتن تەنیا خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی.
ناوبراو وتی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەندێک وڵاتی ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت ئاسایشی ئەو ڕژێمە دابین بکات، خەڵکی موسڵمانی ئەو وڵاتانەش هیچ کات ئەم پەیوەندییانە قبووڵ ناکەن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ بەردەوام فەڵەستین وەک پرسی یەکەم و سەرەکیی جیهانی ئیسلام ماوەتەوە و هەنگاوی موسڵمانان بە ئاراستەی ئازادکردنی قودسی پیرۆزە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە داعش لە لایەن ئەو وڵاتەوە پێکهاتووە بەڵام قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم شەهید سولێمانییە کە دەسەڵاتەکەی داعشیان لە ناوچەکە بە هاوکاری شەهیدانی وەک ئەبو مەهدی موهەندیس لەناو برد./.