بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی فەڵەستینیی ” سەما ” ئەمڕۆ چوارشەممە 12 ی تشرینی یەکەمی 2022 ڕاپۆرتێکی لە سەر پەرەسەندنی بەکارهێنانی درۆنەکان لە سەر ئاستی جیهان و نیگەرانیی ڕژێمی زایۆنیستی لە پێشکەوتنی درۆنەکانی ئێران و بەرەی خۆڕاگری بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە کە سەنتەری توێژینەوە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پرۆژەی درۆنەکانی ئێرانی بە مەترسیدارترین هەڕەشە لە سەر ئەو ڕژێمە ناو بردووە.
ئەو سەنتەرە لە توێژینەوەکانی خۆیدا بە ئاماژە بە بەکارهێنانی درۆنەکان لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە ڕایگەیاند: بەکارهێنانی درۆنەکان پیشاندەری زیاتربوونی مەترسی هێرشە ئاسمانییەکانە و ئەوە وەبیر دێنێتەوە کە ئاسمان بە ئامرازی جۆربەجۆر بەکار دەهێندرێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە ساڵانی ڕابردوو مەترسییەکانی زیاتربوونی بەکارهێنانی درۆنەکان وەک چەکێکی جیدی، هەرزان و لەبەردەست لە ئاستی سەربازی و هەواڵگری لە وڵاتانی جیهان پەرەی سەندووە.
پێشتر شرۆڤەکارانی ئەمنیی ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها سەنتەری توێژینەوە ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمە بە ئاشکرا ڕایانگەیاندبوو کە ئێران لە ڕێگای درۆنە پێشکەوتووەکانەوە دەتوانێت بە ئاسانی هەڕەشە لە سەر تەل ئەبیب دابنێت.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە بە تێڕوانینی بەرپرسانی باڵای ڕژێمی زایۆنیستی، درۆنەکانی ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە، ئەویش لە پاش ئەوەی کە حەماس و حزبوڵڵای لوبنان لە دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی کەڵکیان لە درۆن وەرگرتووە./.