بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوروڵڵا عەزیزی وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان وتی کە ئێمە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی درێژخایەنی بازرگانی لە گەڵ ڕووسیا هەوڵ دەدەین.
پێشنیاری مۆسکۆ بۆ پێدانی گەنم و سووتەمەنی بە داشکاندن لە نرخەکان بۆ ئەفغانستان، لە کاتێکدایە کە ڕووسیا سزا و گەمارۆی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بە بۆنەی شەڕی ئۆکرانیاوە لە سەرە.
پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەفغانستان لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە زیاتر بووە. ڕووسیا باڵیۆزخانەکەیی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان هێشتەوە بەڵام وەک وڵاتانی دیکەی جیهان هێشتا دەسەڵاتی تاڵیبان بە فەرمی ناناسێت.
وەزیری بازرگانی ئەفغانستان وتی کە لە ڕێگای پەرەپێدانی بازرگانی لە گەڵ وڵاتانی دیکەوە هەوڵ دەدەین کێشەی هەژاری چارەسەر بکەین.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی 40 ملیۆن کەسیی ئەفغانستان هەڕەشە و مەترسی برسێتییان لە سەرە./.