بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شیراز باخی دڵگوشایە کە کەوتووەتە 5 کیلۆمەتریی مەزارگەی سەعدی گەورە شاعیری ئێران، ئەو باخەی سەرەڕای گۆڕانکاریی زۆر لە سەردەمە جیاجیاکاندا وەک خۆی ماوەتەوە و شکۆ و جوانییەکانی بە گەشتیاران پیشان دەدات. باخی دڵگوشا هێندە جوان بووە کە تەیمور گورکانی لە پاش دیتنی فەرمانی درووستکردنی باخێکی هاوشێوەیی لە شاری سەمەرقەند (وڵاتی ئۆزبەکستانی ئێستا) دەرکرد.
ئەگەرچی مێژووی ئەم باخە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و حکومەتی ساسانییەکان، سەفەوییەکان و قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە بەڵام لە سەردەمی سەفەوییەکان وەک شوێنێکی گەشتیاری گەشەی زۆری هەبووە. لە سەردەمی حکومەتی نادرشا تا سەرەتای حکومەتی زەندییەکان ئەم باخە تووشی زیانێکی زۆر بوو بەڵام لە سەردەمی حکومەتی کەریمخانی زەند سەر لە نوێ ئەم باخە گەشەی کردەوە و گەیشتەوە لوتکەی ئاوەدانی و شکۆی خۆی.
ساڵانێک پاش ئەوەش لە سەردەمی قاجاڕەکان کەسێک بە ناوی حاجی ئیبراهیم ئعتماد دەولەی شیرازی سەر لە نوێ باخەکەی زیندوو کردەوە بەڵام پاش مردنی باخەکە وەک کەلاوەیەکی لێهات. ساڵی 1336 ی کۆچی ئەم باخە لە لایەن ڕەزا قولی میرزا ئەم باخە کڕدرا و پرۆژەی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی دەستیپێکرد. نزیکەی 30 ساڵ پاش ئەوەش باخی دڵگوشا لە لایەن میرزا عەلی ئەکبەر قەوام مولک نۆژەن کرایەوە، کوڕەکەشی گەرماوێکی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی باخەکە درووست کرد. تا نزیکەی 50 ساڵ بەر لە ئێستا باخەکە لە کۆنتڕۆڵی کچێکی قەوام ئەلموڵک و هاوسەرەکەی بە ناوی نازم ئەلموڵک بووە بەڵام ئێستا لە لایەن شارەوانی شیرازەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ڕوبەری باخەکە زیاتر لە 7 هێکتارە و لە وەرزی بەهاردا دیمەن و بۆنی گوڵەکانی هەر مرۆڤێک سەرسام دەکات.
بینایەک لە ناوەڕاستی باخەکەدا هەیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی زەندییە دەگەڕێتەوە و لە درووستکردنیدا کەڵک لە شێوازی بیناسازیی کۆشکەکانی ساسانییەکان وەرگیراوە، بیناکە لە سێ نهۆمدا درووست کراوە.
باخی دڵگوشا لە ساڵی 2002 بە ژمارە 912 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە./.