بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر میرقاسم موئمنی شارەزا لە کاروباری ڕووسیا لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی شەڕی ئەم وڵاتە و ئۆکرانیا، وتی: لە یەک مانگی ڕابردوو کۆمەڵە ڕووداوێک لە ئۆکرانیا ڕووی داوە کە بە چەشنێک دانوستانەکانی ئاشتیی لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ خستووەتە دۆخێکی نادیارەوە، ڕووسیا بە هۆی ئەوەی کە شەڕەکە درێژەی هەیە، لە ڕووی هێزی سەربازی و هەروەها چەک و کەرەستەی پێویستەوە تووشی دۆخێکی لاواز بووە و ئەوەمان بینی کە لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ یەکەم جار فەرمانی کۆکردنەوەی هێزی گشتیی دەرکردووە. هەندێک دەڵێن کە ڕووسیا بۆ پاراستن و جێگیربوونی دۆخی چوار ناوچەی خێرسون، لوهانسک، دۆنتسک و زاپوریجیا ئەو فەرمانەی دەرکردووە تا لە ئاکامدا بتوانێت ڕێگری لە هێرش و هاتنی هێزە بیانییەکان بە تایبەت سوپای ئۆکرانیا بکات، ڕووسیا ئەم ناوچانەی وەک بەشێک لە خاکی خۆی ناساندووە و بەم دواییانە فەرمانی لکاندنی هەر چوار ناوچەکە بە خاکی ڕووسیا لە لایەن پوتینەوە واژۆ کرا.
ناوبراو وتی: بابەتێکی دیکە کە دەبێت ئاماژەی پێ بدرێت، تەقاندنەوەی هێڵی بۆری غازی بۆرد ستریمە کە کاریگەری نەرێنیی لە سەر پێگەی ڕووسیا هەبووە. بابەتی دیکە پێشڕەوییەکانی سوپای ئۆکرانیایە لەو ناوچانەی کە ڕووسیا وەک بەشێک لە خاکی خۆی ناساندوویە. ئەمەش پیشان دەدات کە ئۆکرانییەکان کەوتوونەتە حاڵەتی هێرشبردن و لە لایەکی دیکەوە ڕووسیاش توانای شەڕی درێژخایەنی نەماوە و بە کردەوە دەبینین کە شێوازی شەڕەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لەم هەلومەرجەدا سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا فەرمانێکی واژۆ کردووە کە هەر دانوستانێک لە گەڵ ڕووسیا قەدەغە دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنانەت گەنجانی ڕووسیا بێ ئەوەی هەستێکی نیشتمانپەروەری و ئیرادەی شەڕکردنیان هەبێت وڵاتی خۆیان بە جێ دێڵن تا نەچنە بەرەکانی شەڕەوە.
موئمنی وتی: سەرجەم داتا و ئامارەکان پیشان دەدەن کە دۆخی ڕووسیا لەم شەڕەدا باش نییە و لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە شکستی زۆری هەبووە. لەم پێناوەدا قدەغەکردنی دانوستان لە گەڵ ڕووسیا لە لایەن سەرۆک کۆماری ئۆکرانیاوە بە دژایەتی تایبەتی ڤلادیمیر پوتین دەزانم، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و زیلێنسکی لەو بڕوایەدان کە شەڕی ئێستای ئۆکرانیا، شەڕێکی سەپێندراوی پوتینە نەک ئەوەی کە لە لایەن وڵاتی ڕووسیاوە بێت. بەم هۆیەوە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە کە نایەوێت لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێستای ڕووسیا دانوستان بکات. لە بەرامبەردا مۆسکۆش ڕایگەیاندووە کە کیێڤ دەبێت تێڕوانینی لە سەر دانوستانەکانی ئاشتی بگۆڕێت یان ئەوەی کە ئێمەش چاوەڕوانی هاتنەسەرکاری سەرۆک کۆماری نوێ لە ئۆکرانیا دەبین.
ئەو شارەزایەی کاروباری ڕووسیا وتی: کار گەیشتووەتە ئەوەی کە دەوترێت ڕووسیا بەنیازی کڕینی چەکە لە کۆریای باکور کە بە ڕای من ئەمەش بابەتێکی سەیر و سەمەرەی ئێستای جیهانە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە بۆ شەڕی ئۆکرانیا ڕەزامەندی گەلی خۆی بە تایبەت گەنجان بە دەست بێنێت و بەم بۆنەوە ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە ڕووسیا ڕوو بدات. شەڕی ئۆکرانیا شەڕێکی سەپێندراوی ئەمریکایە لە دژی ڕووسیا و لەو کاتەوە کە سوپای ڕووسیا چووەتە خاکی ئۆکرانیا، تێچووە سیاسی و سەربازییەکانی مۆسکۆ زیاتر بووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: پێم وایە کە گەڕانەوەی ڕووسیا بەرەو دواوە ناکرێت و هۆکارەکەشی ئەو تێچووانەیە کە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا بەری کەوتووە. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگای قەدەغەکردنی دانوستان لە گەڵ ڕووسیا، دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئۆکرانیا بەرەو گۆڕانکاری ببات و تێچووەکانی ڕووسیا هێندەی دیکە زیاتر بکات، ئەمە لە ڕووی سیاسی، ئابوری و سەربازییەوە دەبینرێت، ئەنجامێکی دیکەی ئەم سیاسەتەی واشنتن ئەوەیە کە وڵاتانی ئەورووپی زیاتر لە ڕابردوو بەسراوەی ئەمریکا دەبن. لە کۆتاییشدا دەبێت بڵێم کە سەرقاڵکردنی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرانیاوە دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین بکات./.