بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیەدا وتی: بڕیاری بزوتنەوەکەی ئێمە شەڕی هەمیشەییە و شەڕ و پێکدادان لە گەڵ دوژمن، هەڵوێست و تێڕوانینی ئێمەیە.
ناوبراو وتی: تا ئەو کاتەی کە داگیرکار لە سەر خاکی ئێمەیە واز لە هەڵوێستی خۆمان ناهێنین، قودس بەردەوام وەک بەرەی شەڕ لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی دەمێنێتەوە و لە بەرگری لە خاکی خۆمان پاشەکشە ناکەین، تەنانەت ئەگەر ئەم شەڕە سەدان ساڵ درێژەی هەبێت.
نەخالە وێڕای سوپاسی پاڵپشتی هەندێک گەل و وڵات لە فەڵەستین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی، وتی: گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین یەکگرتوون و پلانێکی یەکگرتوویان هەیە. پەیامی ئێمە لە ساڵیادی بزوتنەوەی خۆڕاگری فەلەستین، پەیامی یەکڕیزی گەل و گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستینە لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی و هێرشەکانی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بە ئامانجی جێبەجێکردنی پرۆژەی بەجولەکەکردنی و تەواوکردنی کۆنتڕۆڵی بە سەر قودس و کەرتی خۆرئاوا لە ڕێگای درووستکردنی شارۆچکەکانەوە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ئەرکی ئەمڕۆی ئێمە پتەوکردنی یەکڕیزی فەڵەستینە بە پێی خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی. بەرژەوەندی گەلی ئێمە لەوەدایە کە بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمن بەهێزتر بکەین.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: دیلەکانی فەڵەستین بەشی جیانەکراوی خۆڕاگری و بەردەوامیی ڕاستەقینەی ئەم خەباتەن و دەبێت بە هەر شێوازێک ئازاد بکرێن./.