بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی سوپای پاسداران لە پاش لەناوبردنی چەند ئامانجێکی دیاریکراو، ڕاگیراوە و بەردەوامیی بەندە بە بڕیار و هەڵسووکەوتی داهاتووی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گونجاویان بۆ ڕێگری لە چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی هەبێت، ئەم ئاگربەستە بەردەوام دەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەش، سوپای پاسداران چالاکییەکانی لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکان دەستپێدەکاتەوە و لەم ڕێگایەدا مافی دیاریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی چالاکییەکان بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێت.
ڕاشیگەیاندووە کە هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دراوە کە لە ئەگەری ئامادەبوونی هەر یەک لە بەرپرسانی هەرێم یان ئەندامی کۆنسووڵخانەکانی بیانیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە بنکە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان – بە هەر ئامانجێک کە بێت – هەر زیانێک بەو کەسانە بگات، بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆی خۆیان دەبێت./.