بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیی نێوان حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، دوایین دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران وتووێژی لە سەر کرا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو وتووێژەدا سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری دەرەوەی عێراقی کرد بۆ ئازادکردنی حاجییە ئێرانییەکە لە سعوودیە.
ناوبراو هەروەها بە ئاماژە بە چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە لە دژی ئێران، وتی: بە تێپەڕبوونی 40 ساڵ و سەرەڕای بەڵێنی بەردەوامی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە کە چالاکی و جموجوڵی ئەو گرووپە چەکدارانە لە خاکی هەرێمەوە لە دژی خاک و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: وێڕای ڕێز و پابەندبوونمان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، وەک چۆن کە بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئێران جەختیان کردووەتەوە، ئێمە بەردەوامیی دەسدرێژی و چالاکیی تیرۆریستیی ئەم گرووپانە کە لە هەرێم پەنایان گرتووە و ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەکەنە ئامانج، قبووڵ ناکەین./.