بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد موخبر لە کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندە باڵاکانی ئێران و ڕووسیا لە پەراوێزی دووەم کۆنفرانسی ئابوریی خەزەر، وتی: ئێران و ڕووسیا پەیوەندییەکی زۆر باشیان پێکەوە هەیە و هەر دوو وڵات بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا ئیرادەی جیدییان هەیە.
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی لە گەڵ بەڕێوەبەرانی ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەورەکانی ڕووسیا لە گەڵ شاندەکەی ئێران، وتی: لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیانە لە بواری نەوت، کشتووکاڵی، بانکی، ترانزێت و گواستنەوە وتووێژ کرا و بڕیار درا کە هەر دوو لا خشتەیەکی کاتی بۆ جێبەجێکردنی بخەنەڕوو.
موخبر سەبارەت بە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانیش وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دژی هەر جۆرە شەڕێکە و هۆکارەکەشی بە بوونی ناتۆ لە ناوچەکە دەزانێت.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا دەدات و پەیامی ئەمەش بۆ دوژمنان ئەوەیە کە گەمارۆکان ناتوانن ڕێگری لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ئێمە بکەن./.