بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنج شەممە 6 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە بەیاننامەیەکدا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکای نیگەران کردووە.
بەیاننامەکەی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس دووربینی تێدا نەکراوە و لەم هەلومەرجەی ئابوریی جیهان بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە، زیان بە وڵاتان دەگەێنێت.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە حکومەتی ئەمریکا لە گەڵ کۆنگرێس سەبارەت بە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەزاندنی کاریگەری و ڕۆڵی وڵاتانی ئۆپێک لە دیاریکردنی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان هەوڵ دەدات.
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە بایدن فەرمانی ئازادکردنی بەشێکی زیاتری پاشەکەوتی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکای دەرکردووە.
کۆشکی سپی هەروەها بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەسی بە هەڵە و لە بەرژەوەندی ڕووسیا ناو بردووە./.