بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی نیشتمانیی چین (CCTV) و کەناڵی جیهانیی تەلەفزیۆنی ئەو وڵاتە (CGTN)، سەبارەت بە دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ زاڵمانەکان، وتی: ئێمە ڕێکەوتنێکی باش و دادپەروەرانەمان دەوێت و ئەمریکییەکانیش دەبێت بڕیار بدەن پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن.
ناوبراو وتی: پێم وایە کە ئەگەر ئەمریکییەکان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، گەمارۆکان هەڵبگرن و دەستەبەری پێویست بە ئێران بدەن، تا بە پێشێلکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی پشت لە بەڵێنەکان نەکەنەوە، ئەگەری گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش لە ئارادایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمە ڕێکەوتنێکی نوێ نییە، هەمان ڕێکەوتنی ناوەکییە، بەڵام لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا دوو کێشە هاتە پێشەوە، یەکەم ئەوەی کە ئەمریکییەکان کشانەوە و دووەم ئەوەی کە ئەورووپییەکان پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان نەبوون، ئەگەر ئەمریکییەکان و ئەورووپییەکان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن پێم وایە کە بەستێنی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی باش دابین کراوە./.