ڕێکەوتنی دیاریکردنی سنورە دەریاییەکان لە نێوان لوبنان و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، یەکەم ڕێکەوتنە لە ناوچەکە کە لە بەرژەوەندی لایەنێکی بەدەر لە ڕژێمی زایۆنیستی واژۆ دەکرێت.
لە گەیشتنی لوبنان بە مافە دەریاییەکانی دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی بەرچاوی حزبوڵڵا و هەڕەشەکانی لە ڕژێمی زایۆنیستی بدرێت.
حکومەتی ئێستای ڕژێمی زایۆنیستی بە سەرۆکایەتی لاپید ناکۆکییەکی زۆری لەم بوارەدا لە گەڵ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئەو ڕژێمە هەیە و لاپید لە بەرامبەر فەرمانەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵا بە ناچار خۆبەدەستەوەدانی هەڵبژارد و ئەمەش بابەتێکی گرنگ و ستراتیژییە کە دەبێت تاوتوێ بکرێت لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرە بەرە دان بە بزوتنەوەی خۆڕاگری حزبوڵڵادا دەنێت.
وڵاتانی عەرەبی لە دۆسیەی فەڵەستیندا تا ئێستا هێزی ئەوەیان نەبووە کە ئیرادەی خۆیان بە سەر ڕژێمی زایۆنیستدا بسەپێنن بەڵام حزبوڵڵای لوبنان بە کردەوە لە دۆسیەی دیاریکردنی سنورە دەریاییەکاندا ئەوەی سەلماند.
قۆناغی ئێستا گرنگ و ستراتیژییە و هێندە لە شەڕ و پێکدادانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دوور نییە، لە بەر ئەوەی کە ناتۆ، ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و شوێنکەوتووانی ئەوان پاشەکشە دەکەن و هێزەکانی دیکەی وەک ڕووسیا، چین و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو سەرکەوتن دەڕۆن تا جیهانی چەندجەمسەری بکرێتە ئەمری واقیع، ئەو ئەمریکایەی کە خۆی وەک تاکە زلهێزی جیهان دەناساند ئێستا لە بەرامبەر لوبنان پاشەکشە دەکات تا لوبنان بتوانێت گازەکەی دەربێنێت و سەرقاڵی دانوستانیشە لە گەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و چەند کۆمپانیایەکی دیکە.
ئەوان دڵنیایی بە لوبنان دەدەن کە مافەکانی پارێزراو دەبێت. بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەمریکییەکانیان ڕاگەیاندووە کە ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ حزبوڵڵا و ئەمەش یەکەم جارە کە ئەمریکییەکان دان بە حزبوڵڵادا دەنێن.
ئەم ڕێکەوتنە وەک سەرکەوتنی شەڕی ئیرادەی خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی، سەرکەوتنێک کە بە بێ چەک مسۆگەر بووە.
هەر سەرکەوتن و دەسکەوتێکی حزبوڵڵا ڕاپەڕینی فەڵەستینییەکانیشی بە دواوە دەبێت، سەرکەوتنەکەی ساڵی 2000 ڕاپەڕینی ئەقسای بە دواوە بووە.
ئەوەی کە ڕوویداوە تەنیا سەرکەوتنی لوبنان نەبووە، بەڵکوو سەرکەوتنی لوبنانە لە ڕێگای حزبوڵڵا و خۆڕاگرییەوە، دوژمنانی لوبنان هەموو هەوڵێکی سیاسی، ئابوری، میدیایی و سەربازیی خۆیان خستەگەڕ تا حزبوڵڵا وەک زیادە بە سەر لوبنانەوە ناو ببەن و ڕای گشتی لە دژی هان بدەن، بەڵام بووە ڕزگارکەری لوبنان و ئامانجەکانی ئەوان شکستی هێنا.
ئەم ڕێکەوتنە بۆ دوژمنی زایۆنیستی بووەتە کێشەیەکی گەورە، لە بەر ئەوەی کە سەرکەوتنێکی نوێی لوبنانە لە شەڕی ئیرادەکان کە ئەمجارە بە بێ چەک مسۆگەر بووە./.