بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەزگای هەواڵگری حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ڕاگەێندراوێکدا باسی ئەوەیکردووە کە عەبدولمالک کوڕی کەسێک بە ناوی مەحیەدین لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان دەستبەسەر کراوە کە بەرپرسی دابینکردنی دارایی داعش لە وڵاتانی ئەورووپی بووە.
ئەو ئەندامە باڵایەی داعش دانیشتووی قەزای مانۆگی لە ویلایەتی کنێرە کە لە میانەی پرۆسەیەکی تایبەتدا دەستبەسەر کراوە.
لە ڕاگەێندراوەکەی تاڵیباندا هاتووە کە ئەو کەسە دەستبەسەرکراوە، دانی بەوەدا ناوە کە لە وڵاتانی وەک ئۆکرانیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا پارەی بۆ گرووپی تیرۆریستی داعش کۆکردووەتەوە.
دەزگای هەواڵگری تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسە هەروەها ڕۆڵی لە پەیوەندیکردنی خەڵک بە تایبەت گەنجان بە داعشەوە هەبووە./.