بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەڕێوەبەری بەشی ئەورووپای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران جەختیکردەوە کە ئێران دەستێوەردانەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە کاروباری ناوخۆیی خۆی بە توندی ئیدانە دەکات.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بەداخەوە کە لایەنی بەریتانی بە دەرکردنی بەیاننامەی تاکلایانە و نادرووست، پیشان دەدات پشکی لەو پیلان و سیناریۆیانەدا هەیە کە لە لایەن دژبەرانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لەو وڵاتە جێبەجێ دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مافی خۆیی دەزانێت بژاردەی پێویست لە بەرامبەر هەر هەنگاوێکی نائاسایی و نایاسایی لایەنی بەریتانی بەکار بێنێت./.