بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەیدڕەزا سەدرحوسێنی شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و باڕەگای گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕش لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وتی: بە پێی چالاکی گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان لە هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگای پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانەوە هەوڵی ئەوەیدا ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو گرووپانە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بکات، ئەڵبەت لەم ڕێگایەشدا هەندێک سەرکەوتنی بە دەست هێنا بەڵام هەندێک کات ئەوەی لە هەرێم ڕوو دەدات بە شێوازێکە کە ڕاستەوخۆ یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێمە دەخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو وتی: بەم پێیەش لە هەفتەکانی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندین قۆناغدا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ سەر ئەو گرووپانە کرد و بەم هۆیەوە بوو کە بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هۆشدار و ئاگادارکردنەوەکانی کۆماری ئیسلامی کەمتەرخەمی کردووە و هەوڵی ئەوەی داوە کە بە بێ گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی دراوسێ، لە گەڵ وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا هاوکاری بکات، لە بەر ئەوەی کە ئەو گرووپە تیرۆریستییانە لە گەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدان و کۆماری ئیسلامی ئێرانی بنکە سەرەکییەکانی ئەوانی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.
سەدرحوسێنی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چ ئامانجێکی هەیە؟ وتی: ئێمە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆ نازانین و بەشێکە لە حکومەتی ناوەندیی عێراق، بەم بۆنەوە پەیوەندییە ئەمنییەکان لە ئاستی باڵا لە گەڵ بەغدا دەکرێت.
ناوبراو وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە دەزانێت کە لە بواری ئەمنیدا دەبێت هاوئاهەنگی تەواوی لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق هەبێت، هەر بۆیە بەو هاوکارییەی کە لە نێوان تاران و بەغدا هەیە، ئێمە لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ئاگاداری ناوەند، هاوکاری و هاوئاهەنگی ئەمنیمان هەیە.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: بێ دەسەڵاتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو پرسانەی پەیوەندیی بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەیە، وایکردووە کە بە ناچار لە بەرامبەر چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕش بێدەنگ بێت. هەروەها لە پاش هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەنگاوێکی نەناوە کە پیشاندەری ناڕەزایەتی لەو هێرشانە بێت.
سەیدڕەزا سەدرحوسێنی لە کۆتاییدا وتی: ئەوان دەزانن کە ئاسایش و سەقامگیری هەر دوو وڵات پێکەوە گرێدراوە و ئەگەر ئاسایشی ئێران تووشی کێشە ببێت، بە دڵنیاییەوە ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراقیش تووشی کێشەی جیدی دەبێتەوە. بەم بۆنەوە وێڕای بێدەنگی لە بەرامبەر چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، لە بەرامبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەنگاوی نەرێنیی نەبووە./.