لەم ماوەیەدا و لە دۆسیەی گیان لە دەستدانی مەهسا ئەمینی (ژینا) بە سیاسەتمەدار و بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و میدیای هەرێمی کوردستانەوە، بە بێ بەڵگە و بێ ئەوەی زانیارییە پزیشکییەکان لە سەر گیان لە دەستدانی ئەو کچە ڕوون کرابێتەوە و هێشتا ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادی ئێرانیش بڵاو نەبووەتەوە، کەوتنە جوڵە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و هات و هاوارێکی گەورەی میدیاییان خستەڕێ. هەندێک لەو بەناو نووسەرانە بە ئاژاوەگێڕی تاقمێکی بەکرێگیراو وایان دەزانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەم ڕووداوانە دەڕووخێت، بێ ئاگا لەوەی کە 43 ساڵە بە دەیان پیلانی گەورەتری دوژمنان پووچەڵ کراوەتەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە زلهێزی ناوچەکە و ئەمریکایشی بە تەنگ هێناوە.
ئێستا کوژرانی ئەو ژنە کوردەی تورکیا لە نێو شاری سلێمانی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ئەوانەی ئاشکرا کردووە کە خۆیان لە بەرگری لە دۆسیەی مەهسا ئەمینی وەک لایەنگری مافی مرۆڤ و ئازادی و دەستەواژەی دیکە ناساندووە.
ئێوەی نووسەر، ئێوەی بە ناو بەرگریکار لە مافی مرۆڤ، ئێوەی بە ناو ئازادیخواز، بۆ لە بەرامبەر تاوانی ئاشکرا و کوشتنی دڕندانەی ئەو ژنەدا بێدەنگیتان هەڵبژاردووە، ئەو ژنەی کە لە ئاکامی سیخوڕیی ناوخۆیی کوژراوە، ئەو ژنەی کە جەستەی کەوتە بەر چەندین گوللەی بکوژەکە، ئەو ژنەی کە بە هەر پێوەرێک بێت بە دڕندانەترین شێواز گیانی لە دەست داوە، ئەو ژنەی کە بە هۆی ژیانی سیاسی خۆیەوە پەنای هێنابووە هەرێمی کوردستان.
لە دۆسیەی گیان لە دەستدانی مەهسا ئەمینی هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام لەشکری مووچەخۆری ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بە بێ بەڵگە کەوتنە تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەی ئێستا لە مانگی شەوی چواردە ڕوونترە کە میتی تورک لە نێو شاری سلێمانی ئەو تاوانەی بەرامبەر بە ژنە کوردێک کردووە و بەو شێوازە کوژراوە. بێدەنگیتان چی دەسەلمێنێت؟ ئەمەیە ویژدان و ئازادی؟/.