بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 5 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی لۆئیجی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە کردەوە بڕوای بە دیمۆکراسی هەیە و بەردەوام وەڵامی داخوازی ئاشتیانەی خەڵکی داوەتەوە.
ناوبراو وتی: لە ڕاستیدا دەستێوەردانی دەرەکی، بەکرێگیراوانی ڕێکخراو و تیرۆریستان بە تایبەت لە زاهیدان و ڕۆژئاوای ئێران، ڕێڕەوی گردبوونەوە ئاشتیخوازانەکەی خەڵکیان بەرەو توندووتیژی، ئاژاوەگێڕی و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان، پۆلیس و پارێزەرانی ئاسایش گۆڕی.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: جارێکی دیکە گەلی گەورەی ئێران موڵەتی ئەوەیان بە ئاژاوەگێڕان و تیرۆریستان نەدا و بەرگرییان لە سەربەخۆیی سیاسی، یەکپارچەیی خاک و دەسەڵاتی وڵات کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە بە پێی یاسای بەهێزی خۆمان بەڵێنی بەدواداچوونمان لە دۆسیەی گیان لە دەستدانی یەکێک لە ڕۆڵەکانی خۆمان (مەهسا ئەمینی) داوە و لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتیمان لە هەڵوێست و دەستێوەردانی هەندێک لە بەرپرسانی ئەورووپا هەیە و ئەگەر یەکێتی ئەورووپا بیەوێت هەر هەڵەیەک لە بەرامبەر ئێران بات، دەبێت چاوەڕوانی هەنگاوی کاریگەر و بەرامبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بێت./.