بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە بۆردومان و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی گرووپە تیرۆریستییەکانی نیشتەجێی هەرێم مایەی قبووڵکردن نییە.
سەرۆک کۆماری عێراق کە دیپلۆماتکارێکی بەئەزموون و سیاسییەکی خاوەن پێگەیە، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانێت کە یاسای نێودەوڵەتی و عورفی دراوسێبوون ڕێگە بەوە نادات گرووپە نەیار و دژبەرەکانی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکەوە ئازادانە ڕێکخستن و چالاکییان هەبێت و بە هاوکاری لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق و دوژمنانی وەک ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ببنە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی سنورەکانی ئێران.
کام یاسا موڵەتی ئەوەی بە گرووپە دژبەرەکانی شۆڕش لە هەرێمی کوردستان داوە کە دەتوانن بەو ئازادییەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەوانی دابین کردووە، هێرش بکەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران؟
باشتر وابوو کە سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی باس بکردایە کە وڵاتەکەی ڕێگری لە چالاکی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەکات یان نە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەدان پیلانی ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی تووشی شکست کردووە، ئەمجارەش سەرکەوتن بۆ گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و شکست و سەرشۆڕی بۆ دوژمنان دەبێت./.