بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ هەینی 30 ی ئەیلولی 2022، هەڵوێست و بەیاننامەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و ئەڵمانیای سەبارەت بە هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و پێگەی گرووپە تیرۆریستییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان ئیدانە کرد.
ناوبراو وتی: ئێران بەردەوام داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕێگری لە چالاکی گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە جیاجیاکان بە شێوازی یادداشتی فەرمی و لە کۆبوونەوەکان لە تاران و بەغدا و هەولێر، ناڕەزایەتی توندی خۆیی سەبارەت بە میوانداریی هەرێمی کوردستان لە گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ڕاگەیاندووە و بێ گومان ئەوەش قبووڵ ناکات لە نزیک سنورەکانیەوە هەڕەشەی لە سەر بێت.
ناسر کەنعانی وتی: وەک چۆن کە پێشتر هۆشداریی دراوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاسای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی بۆ بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی هەیە و بە دڵنیاییەوە بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕوی هەوڵە تیرۆریستییەکان دەبێتەوە.
وتیشی: بە داخەوە ئەو وڵاتانەی بەیاننامەیان لە دژی ئێران دەرکردووە، وێڕای پێشێلکردنی بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەردەوام لە سەر سیاسەتی دووفاقیی ڕابردوو پێداگری دەکەن و لە کاتێکدا بەیاننامەیان دەرکردووە کە خۆیان بەردەوام لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە دەستێوەردانیان هەیە و مافی سەروەریی ئەوان پێشێل دەکەن.
کەنعانی وتی کە بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کە بەیاننامەیان دەرکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سیاسەت و هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە چالاکییە تیرۆریستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت./.