بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە کە ئەم وڵاتە نابێت شوێنی دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بێت. داواشی لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان هاوئاهەنگییان لە گەڵ عێراق هەبێت.
لە بەیاننامەکەی حەکیمدا هاتووە کە لە پێناو پابەندبوون بە دەستووری عێراق و هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەروەری و سەقامگیری ئەم وڵاتە کە لە بەرژەوەندی ناوچەکە و جیهانیشە، جەخت لەوە دەکەینەوە کە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی عێراق دەبێت لە سەر ئەم هێڵە بێت و نابێت موڵەتی ئەوە بدرێت کە عێراق دەروازە و شوێنی دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بێت.
سەید عەمار حەکیم هەروەها داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە سەروەریی عێراق پێشێل نەکەن و لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکان لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق هەبێت./.