بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند کە چاوپێکەوتنی ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە گەڵ ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین بابەتی گرنگی وەک ڕێکەوتنی ناوەکی، قەیرانی ئۆکرانیا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی لە خۆ گرتبوو و هەر دوو لا تێڕوانینی یەکتریان لە سەر پرسەکان بۆ ڕوون بوویەوە.
ناوبراو وتی: ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوە هەوڵیاندا لە چەند مانگی ڕابردوو پەیامی ئەمریکییەکان بگوازنەوە و وەزیری دەرەوەی عێراق یەک لەو کەسانە بووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئێمە لە قۆناغێکداین کە لایەنی ئەمریکی باس لە نیازپاکی دەکات و ئەوەی کە ئیرادەی پێویستیان بۆ ڕێکەوتن هەیە بەڵام بۆ ئێمە گرنگە کە ئەم ئیرادەیە لە سەر ئەرزی واقیع ببینرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بە میدیا ئەمریکییەکان و بە وەزیری دەرەوەی عێراق کە هەڵگری پەیامی ئەمریکییەکان بوو، وتم کە نابێت لایەنی ئەمریکی لە لایەکەوە باس لە ڕێکەوتن بکات و بڵێت ڕێکەوتن و ئاسایشی ناوچەکە دوو بابەتی گرنگن و لە لایەن دیکەوە هەوڵی ئاژاوەگێڕی لە ناوخۆی ئێران بدات و بە ئاشکرا هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتی ئێمە بدات.
ناوبراو وتی کە ئێران هاوکارییە ناوچەییەکانی بە ڕێکەوتنی ناوەکییەوە گرێ نەداوە و سەبارەت بە سعوودیەش هەر کات ئەم وڵاتە بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران و گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی ئامادەیی هەبێت، پێشوازیی لێدەکەین و ڕەوتی دانوستانەکانی ئێمەش بە پێی هەلومەرجەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە درێژەی دەبێت./.