بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا پیرۆزبایی ساڵی نوێی عبریی لە بەنی گانتز وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی کرد، دۆخێکی پڕ لە توڕەیی فەڵەستینییەکان بە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵ بووە، ئەویش لە کاتێکدا کە هێرشی شارۆچکەنشینەکانی زایۆنیست بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا ڕووی لە زیادبوونە.
هاوکات لە گەڵ ساڵی نوێی جووەکان، دەسدرێژی داگیرکارانی زایۆنیست بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا ڕووی لە زیادبوون کردووە و ڕێکخراوەکان و گرووپە توندڕۆکانی جولەکە بانگەوازی گەورەترین هێرشیان بۆ سەر ئەم مزگەوتە بڵاو کردووەتەوە.
” ساڵح نەعامی “ شارەزا لە کاروباری ڕژێمی زایۆنیستی لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم سووکایەتییەی مەحمود عەباس بە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە ” گانتز کوشتاری فەڵەستینییەکانی دەستپێکردووەتەوە، ئەم پەیوەندییە تەلەفوونییەی عەباس پاداشتی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە مزگەوتی ئەقسا، ئەمەش هەمان عەباسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی دەکردە سەر ڕژێمی زایۆنیستی “.
” یاسر زەعاترە “ نووسەری فەڵەستینیش ڕایگەیاند ” لە کاتێکدا کە سوپاکەی گانتز هێرش دەکاتە سەر مزگەوتی ئەسا و بووەتە پاسەوانی شارۆچکەنشینەکان، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و بزوتنەوەی فەتح پیرۆزبایی لێدەکات تا بیانوویەک بێت بۆ داخستنی مزگەوتی ئیبراهیمی لە ئەلخەلیل و هێرشی سەر مزگەوتی ئەقسا “.
” ڕامیا ئالی ئیبراهیم “ پێشکەشکاری کەناڵی المیادین لە تویتەر ڕایگەیاند ” لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی نێوان ئەوان و لە پەراوێزی هاوئاهەنگی ئەمنی کە کۆتایی هات و یەک ڕۆژ پاش هێرشی زایۆنیستەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بە پاڵپشتی سوپای تەل ئەبیب، عەباس پیرۆزبایی ساڵی نوێی عبری لە بەنی گانتز دەکات “.
کاردانەوەکان لە کاتێکدایە کە سەرچاوە زایۆنیستەکان ڕایانگەیاند کە مەحمود عەباس لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا ڕۆژی سێ شەممە 27 ی ئەیلول پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی عبریی لە بەنی گانتز کردووە و لەو پەیوەندییەدا هاوئاهەنگی ئەمنی نێوان دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستی و دۆخی ئەمنی لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین تاوتوێ کراوە./.