بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە ڕۆژی یەک شەممە 25 ی ئەیلولی 2022 هەواڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی سیاسی لە عێراق بە ناوی ” هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ” لە عێراق ڕاگەێندرا، تورکی العتبی لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان وردەکاری زیاتری خستەڕوو.
ناوبراو بە ئاژانسی ” المعلومە ” ی ڕاگەیاند کە هاوپەیمانییەکە شەش لایەنی سیاسی لە خۆ دەگرێت. لێک تێگەیشتنی سیاسی و جموجوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو لە پێناو چارەسەرکردنی دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق گەیشتە ئەنجام و خێراییەکی دیکەی بە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەخشیوە.
ناوبراو وتی: هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە شەش لایەنی سیاسی بە سەرکردایەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت و وردەکارییەکەی بڵاو دەکرێتەوە. ئەم هاوپەیمانییە بە پێی هەلومەرجی ئێستا کەسانی سەربەخۆش لە خۆ دەگرێت تا ببێتە گەورەترین هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ئەو سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وتی کە دانیشتنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمان، دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە دەبێت سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرێت و محەممەد شیاع سودانیش بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ماوەی یەک مانگدا ڕابسپێردرێت.
هاوکات سەید عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتی کە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، زیاترین پێکهاتەی عێراق لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو وتی کە ڕەوتی سەدر هاوبەشێکی سەرەکییە لە پرۆسەی سیاسی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵی ڕەزامەندیی سەدر بۆ بەشداری ڕەوتەکەی لە حکومەت دەدات و پێشوازی لە بەشدارییان لە کابینەی نوێ دەکات.
وتیشی کە هیچ دژایەتییەکی سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە لایەن هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە نەکراوە و دەبێت حکومەتێک بە تەواوی دەسەڵاتەکانەوە پێک بهێندرێت، یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، دۆخی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تاوتوێ بکرێت و بودجە پەسەند بکرێت تا هەنگاو بەرەو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەش هەڵبگیرێت.
چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ڕایانگەیاندووە کە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەم لایەنانە پێکهاتووە: چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی، هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و فراکسیۆنی مەسیحی بابلیۆن بە سەرۆکایەتی ڕیان کەلدانی./.