بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی ڕاگەێندراوەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەم شێوازەیە:
بە ناوی خودای گەورە
گەلی بەشەرەف و قارەمانی ئێرانی ئیسلامی
وەک چۆن کە لە ڕاگەێندراوەکەی ڕۆژی شەممە 24 ی ئەیلولی 2022 باس کرا، پاش هۆشداریی پێویست بە بەرپرسانی هەرێمی باکوری عێراق لە ڕێگای پەیوەندیدارەوە سەبارەت بە ڕێگری لە چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران و سەر بە ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی لە ناوچەکە و گرنگینەدان بەم داواکارییە ڕەوا و یاساییە و درێژەپێدانی چالاکییەکانی ئەو گرووپانە لە ناوچە سنورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە، هێزەکانی سەر بە بڕیارگەی حەمزە سەیدئەلشوهەدای هێزی وشکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڵمەتی ئاگرباران و بۆردومانکردنی بنکە و شوێنی جێگیربوونی ئەو هێزانەی لە چەندین بەشی هەرێم دەستپێکرد.
بە پێی ئەوەی کە لە پاش ئەو زیانانەی کە بەر گرووپە تیرۆریستییەکان کەوتووە، هەڕەشە لە سەر ئاسایش و ئارامیی گەلی ئازیزی ئێمە بەردەوامە، ئەمڕۆ چوارشەممە 28 ی ئەیلولی 2022 قۆناغێکی نوێی هێرشی دژ بە پێگە و بارەگا و بنکە سەربازییەکانی ئەو گرووپانە لە قووڵایی هەرێمی باکوری عێراق بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەک و درۆن دەستیپێکردەوە و زیانێکی زۆر بەر ئەوان کەوتووە کە دواتر وردەکارییەکانی بۆ ئاگاداربوونی ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم هەڵمەتە تا نەهێشتنی کاریگەری هەڕەشە و نەمانی بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە بەڵێن و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆیان درێژەی دەبێت./.