بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەینی ڕابردوو 16 ی ئەیلولی 2022 کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی بووە ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای. وڵاتانی چین، ڕووسیا، هیندستان، ئێران، ئۆزبەکستان، کازاخستان، بیلاڕووس، تورکیا، ئازەربایجان، قڕقیزستان، پاکستان، مەغولستان، تاجیکستان و تورکمانستان ئەندامی ئەم دامەزراوە ئابورییە ناوچەییەن.
عەباس عەلەوی ڕاد ئەندامی ئەنجومەنی ئابوریناسانی ئێران سەبارەت بە ئەندامبوونی ئەم وڵاتە لە ڕێکخراوی شانگهای و کاریگەرییە ئابورییەکانی وتی: ئەم بابەتە لە چەند ڕووەوە گرنگیی هەیە، یەکەم، لە ڕووی کاتەکەوە، لە بەر ئەوەی کە ئێران لە کاتێکدا بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی شانگهای کە ڕوبەڕوی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکان بووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەندامبوونی ئێران لە قۆناغی سزا و گەمارۆکان گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانرێت لە کاریگەرییە سیاسی و ئابوری و ناوچەییەکانی کەڵک وەربگیردرێت.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی: ئەندامانی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای ئەو وڵاتانەن کە لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ ئێراندا هەیە، بۆ نموونە، لە گەڵ چین و ڕووسیا گرێبەستی درێژخایەن واژۆ کراوە، یان هیندستان کە لە کڕیارانی نەوتی ئێرانە و ئەم ئەندامبوونە لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت.
عەلەوی ڕاد سەبارەت بە گرنگی ئەندامبوونی ئێران لە شانگهای لە ڕووی بازرگانی دەرەکییەوە وتی: هەندێک لە ئەندامانی ئەم دامەزراوە ئابورییە وڵاتانی بچووکی وەک ئەرمینیان و بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئەوان لە بەرزکردنەوەی ڕێژە و بەهای بازرگای دەرەکی لە داهاتوودا گرنگە.
ناوبراو وتی: هەندێک لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان بە هۆی گەمارۆکانەوە دەرفەتی ئامادەبوونیان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندا نییە و بە ئەندامبوون لە شانگهای ئەم دەرفەتە بۆ ئەوان دابین دەکرێت.
ئەو شارەزا ئابورییە دووەم خاڵی گرنگی ئەندامبوونی ئێرانی لە ڕێکخراوی شانگهای بۆ زیاتربوونی سەرمایەگوزاری دەرەکی گەڕاندەوە و وتی: وڵاتی ئێمە لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی سەرکەوتوو نەبووە بەڵام بە پێی جۆربەجۆری وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای لە ڕووی قەبارەی بازرگانی و جۆربەجۆری لە پێکهاتەی ئابوری، ئەگەری سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆ و هاوکاری دابین دەکرێت و دەتوانین پێویستیی خۆمان لەم بوارەدا دابین بکەین.
عەلەوی ڕاد ئاماژەشی بە پێگەی ستراتیژیی ئێران دا و وتی: وڵاتی ئێمە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی ستراتیژییەوە تایبەتمەندیی زۆری هەیە و بە تایبەت لە ڕووی ترانزێت و گواستنەوەی کاڵا لە بەندەرەکان و ڕێگا سەرەکییەکانی دیکەوە دەرفەتێکی لەباری بۆ ڕەخساوە.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییە داراییەکانی دوو یان چەند قۆڵیش وتی: زۆربەی ولاتانی جیهان دەیانەوێت زاڵبوونی هەندێک دراوی وەک دۆلار بە سەر بازاڕەکان و ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا نەمێنێت، بۆ نموونە، ئێران و ڕووسیا سەرەتایەکیان بۆ دراوە نیشتمانییەکانی خۆیان دەستپێکردووە کە دەتوانێت لە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەش وەک نموونە بەکار بهێندرێت./.