بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 19 ی ئەیلولی 2022 بە ئامانجی بەشداری لە حەفتا و حەوتەمین دانیشتنی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو نیۆیۆرک بەڕێ کەوت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پێش سەردانەکەی وتی: ئەم سەردانە لە سەر بانگهێشتی ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ بەشداری لە حەفتا و حەوتەمین دانیشتنی کۆڕی گشتی دەبێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ئەم سەردانەی بە دەرفەتێک بۆ خستنەڕووی تێڕوانین و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: بە هۆی ئەوەی کە میدیاکان لە سەر ئاستی جیهان لە لایەن وڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراون دەبێت لەم دەرفەتانە لە پێناو ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و باسکردنی ئەو زوڵمانەی کە بەرامبەر بە گەلی گەورەی ئێران دەکرێت، کەڵک وەربگیرێت.
ناوبراو وتی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگای مرۆیی بە دەست زوڵم و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنێت و ئامادەبوون لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕوونکردنەوەی ئەو زوڵم و نادادپەروەرییانە هەنگاوێکی گەورەیە.
ڕاشیگەیاند کە لە پەراوێزی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان کۆبوونەوە دەکرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختیکردەوە کە لەم سەردانەدا بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە لە گەڵ ئەمریکییەکان نییە.
ناوبراو کۆبوونەوەی لە گەڵ ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەمریکا بە یەکێک لە بەرنامەکانی سەردانەکەی خۆی ناو برد و وتی: بەشداری لە دانیشتنی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم چالاکی و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکان لە پێناو سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە سەر بنەمای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانە.
وتیشی کە هیوادارین ئەم سەردانە بتوانێت هێمای متمانەی خەڵک بێت و دەرەنجامی باشی بۆ وڵات و دەسەڵات و بۆ گەلانی موسڵمان و چەوساوەی جیهان بە دواوە بێت./.