بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید ڕەزا حەریری وتی کە سەرەتا ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای بە ئامانجی ئەمنی و سەربازی پێکهێنرا بەڵام لە ئێستادا ژمارەی وڵاتانی ئەندامی زیاتر بووە و ڕواڵەتی ئابوریشی لە خۆ گرتووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای وتی: ڕووسیا و چین بە دراوی نیشتمانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی خۆیان دەکەن و ئێمەش دەتوانین لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرین.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و چین وتی: سەبارەت بە بواری دارایی و بانکی بڕیار بوو کە سندۆقێکی هاوبەش بۆ ئەم ڕێکخراوە و ئەندامەکانی پێک بهێندرێت کە تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتووە و لە لایەکی دیکەوە دەکرێت بە دراوی یەکگرتوو لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان کەڵک وەربگیردرێت بەڵام بە هۆی جیاوازیی پێکهاتەی سیاسی و ئابوریی ئەم ڕێکخراوە، پێویستی بە ڕێگایەکی دوور و درێژ هەیە.
حەریری وتی: هیندستان و چین وەک دوو وڵاتی گەورەی بەکارهێنەری وزە دەناسرێن و ئێران و ڕووسیاش دەوڵەمەندن بە سەرچاوەکانی وزە و لە ڕێگای ڕێکخراوی شانگهایەوە دەکرێت ئەم پەیوەندییانە جێگیر بکرێت، هەروەها ڕووسیا و چین پەیوەندییەکی دووقۆڵییان هەیە کە بەستێنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ڕێخراوی شانگهای دابین دەکات.
ناوبراو وتی: ئێران بە دەروازەی ڕۆژئاوای وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای هەژمار دەکرێت و بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی دەکرێت ببێتە ڕێگای ترانزێتیی نێوان ئەم وڵاتانە، لە بەر ئەوەی کە هەر دوو وڵاتی هیندستان و چین دەتوانن لە ڕێگای وشکانی و لە خاکی ئێران و ڕووسیاوە وزەی خۆیان دابین بکەن.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و چین وتی: ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوی شانگهای تەنیا لە ڕێگای زەریاوە دەتوانن کاڵا و بەرهەمەکانی خۆیان بگوازنەوە و ئەمەش دەرفەتێکی لەبارە بۆ ئێران تا لەم ڕێگایەوە کەڵک لە ترانزێتی کاڵا وەربگرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە دیپلۆماسیەتی ئابوریی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و گرنگیدان بە وڵاتانی دراوسێ، وتی: وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای یان دراوسێی ئێرانن یان لە نزیک ئەم وڵاتەن و پەرەسەندنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتانە ماوەیەکە بووەتە بەشی هەرە گرنگی سیاسەتی دەرەکیی ئێران.
مەجید ڕەزا حەریری وتی: کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە دوو بەشە، یان بە بەردەوامبوونی گەمارۆکان کەڵک لە توانا ئابورییەکانی ڕێکخراوی شانگهای وەردەگرین، یان هەڵگرتنی گەمارۆکان دەرفەتێکی گەورەتر دەخاتە بەردەم گەشەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکە./.