نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەمساڵ بۆ یەکەم جار زیارەتکارانی ئێرانی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە سەردانی کەربەلای پیرۆزیان کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لەم پێشنیارە کرد و ئامادەکارییەکان بۆ ئەم مەبەستە لە چەند مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد و کەشێکی گونجاوی هاوکارییان لە سەرجەم بوارەکاندا دابین کرد.
ناوبراو وتی: بەڕێز بارزانی فەرمانی پێویستیان لەم بوارەدا دەرکرد و ڕۆڵی گرنگیان لەم حەماسەتەی تایبەت بە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) دا هەبووە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە هەموو هەوڵێکەوە هاوکارییان کرد بۆ ئەوەی کە پێشوازییەکی باش لە یادی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بکرێت.
ڕەشنودی وتی: دەزگای خێرخوازی بارزانیش تەنانەت پێش جێگیرکردنی ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی ئێرانی بۆ زیارەتکاران، ئیش و کاری خۆیان لەم بوارەدا دەستپێکرد، سەرجەم دامودەزگاکان لەم یادە مەزنەدا هاوکارییەکان کرد، ڕەنگە گرنگترین بەش دابینکردنی دوو هەزار ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران بێت کە هەزار ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خاڵی سنوریی حاجی ئۆمەران تا هەولێر و هەزاری دیکەشی لە هەولێر تا حوسێنییە بە نرخێکی دیاریکراو و بە ڕێکخستنێکی باش بووە، دەزگا تەندرووستییەکانیش بۆ ژنان و پیاون شوێنی جیایان دابین کرد، پێداویستی تەواو بۆ پشوودانی زیارەتکاران لە هۆڵێکی چەند هەزار کەسی دابین کرا، تەنانەت بە هۆی زۆربوونی ژمارەی زیارەتکارانەوە لە دەرەوەی ئەو هۆڵەش هەمان پێداویستییەکان دابین کرا کە هیچ زیارەتکارێک بێ وەرگرتنی پشوو نەبێت.
سەرکۆنسووڵی ئێران لە درێژەدا وتی: لە ناوەندێکی خزمەتگوزاری بە ناوی شەهیدانی بارزان سەرجەم خزمەتگوزاری پێویست پێشکەش بە زیارەتکاران کرا. خۆشبەختانە کەمترین کێشەمان هەبووە، لە پرسی ئەمنی و ئاسایشی زیارەتکاران هیچ کێشە و نیگەرانییەک نەبووە، بە پێی چاودێری حکومەتی هەرێم لە ڕێگای لێژنەیەکی تایبەتەوە هیچ کێشەیەک بۆ زیارەتکارانی ئێرانی نەبینرا و بەم بۆنەشەوە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەیان بکەین.
ناوبراو وتی: وەک یەکەم ئەزموون باشترین خزمەتگوزاری لە هەولێر بە زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) دراوە، ڕەنگە کەموکورتیش هەبووبێت کە زۆربەی ئەوەش بە هۆی نەناسینی ڕێگاکە بووە بە تایبەت لە ڕێگای گەڕانەوە لە کەربەلا تا کەرکوک.
ڕەشنودی وتی: بە پێی دوایین ئامار تا ڕۆژی هەینی نزیکەی 57 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ گەیشتن بە کەربەلا و تەنیا نزیکەی پێنج هەزار کەسیان گەڕاونەتەوە و زۆربەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا دەگەڕێنەوە و ئامادەکاری تەواویش بۆ ئەم مەبەستە کراوە.
وتووێژ: ڕەزا ڕەحمەتیان