بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە 15 ی ئەیلولی 2022 لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئۆزبەکستان، لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ژانگ مینگ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی شانگهای، وێرای شرۆڤەی ڕەوتی بەئەندامبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕێکخراوە، توانا و دەرفەتەکانی ئەم وڵاتەی لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، تەکنۆلۆژیا و ترانزێتی ڕوون کردەوە.
ڕەئیسی ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی ئەندام و هەروەها ڕێکخراوی شانگهای لە بوارە ئاماژەپێکراوەکان ڕاگەیاند.
ژانگ مینگ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی شانگهای لەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە هەنگاوەکانی بەئەندامبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: ڕۆژی ڕابردوو لە گەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕێکەوتنی ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانگهای واژۆ کرا کە 40 بەڵگە لە خۆ دەگرێت، بەمەش ساڵی داهاتوو ئێران وەک ئەندامی هەمیشەیی و فەرمی ڕێکخراوی شانگهای بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات.
مینگ وتی کە ئێران وڵاتێکی گەورە و کاریگەرە و دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاوی لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەبێت./.