بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی شانگهای سەردانی ئۆزبەکستانی کردووە، ئەمڕۆ 15 ی ئەیلولی 2022 لە گەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا سوپاسی هاوکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی شانهگای کرا و ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە پەیوەندییەکی ئاسایی نییە بەڵکوو ستراتیژییە، ئیرادەی ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە سەرجەم بوارەکانی وەژ سیاسی، ئابوری، بازرگانی و ئاسمانییە.
ناوبراو وتی کە هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا لە ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای و هەروەها پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوە دەتوانێت لە پێناو گەشەی ئابوریی ئێران و ناوچەکە ڕۆڵی گرنگی هەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە سزاکانی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا، وتی: ئەمریکا وا دەزانێت سزای هەر وڵاتێک بدات گەشە و پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتە ڕادەگیرێت و ئەمەش تێڕوانینێکی هەڵەیە، ئەمریکا ساڵانێکە سزای ئێرانی داوە بەڵام گەلی گەورەی ئێران هەڕەشە و گەمارۆکانی کردووەتە دەرفەتی پێشکەوتنی خۆی.
ناوبراو وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ڕووسیا بە فەرمی ناناسێت و پەرە بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ ئەم وڵاتە دەدات، پەیوەندی نێوان ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە سزا دراون، دەتوانێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکات و تەنانەت ئەوان بەهێزتر بکات.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ناوەکی وتی: نیازپاکیی ئێران ئەمڕۆ بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئێمە مێزی دانوستانمان بە جێ نەهێشتووە، بەڵام بێ بەڵێنی ئەمریکا و ئەورووپییەکان ئەمڕۆ بووەتە ڕاستییەک کە هەمووان دانی پێدا دەنێن، لە لایەکەوە دانوستان دەکەن و لە لایەکی دیکەوە هەڕەشە، کێ لە نێو دانوستانەکان بە هەڕەشەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکییەوە دانوستان دەکات؟ ئەمە نیازپاکی نییە./.