بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پێش سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئۆزبەکستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە ئەم سەردانە لە سەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئۆزبەکستان بە ئامانجی کۆبوونەوەی دووقۆڵی فەرمی و هەروەها بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی شانگهای دەکرێت.
ناوبراو وتی: ئامانج لەم سەردانە پتەوکردنی سیاسەتی دراوسێبوون، پێکەوەبوون و قووڵترکردنی پەیوەندییە چەندقۆڵییەکانە، بێ گومان لە هەنگاوی یەکەم لەوەدا سەرکەوتوو بووین کە متمانەی سیاسی بەرامبەر پتەو بکەین و لە هەنگاوی دووەمدا هەوڵ دەدەین ڕۆڵ و ئامادەبوونی ئێران لە ناوچەکە چالاکتر بکەین بە شێوازێک کە لە ژێرخانەکانی ئاسیا و وڵاتانی دراوسێ، هێزی ئابوری، سیستەمی دارایی و بانکی و پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە، باشترین کەڵک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێران وەربگرین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی شانگهای، چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی جیهان بەڕێوە دەچێت./.