بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی سپۆتنیک شەوی سێ شەممە 13 ی ئەیلولی 2022 ڕایگەیاند کە دەزگای هەواكگری تورکیا بە هاوپەیمانی نەیارانی سوریای ڕاگەیاندووە کە دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ خاکی ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن.
ئاژانسەکە لە سەر زاری سەرچاوە تایبەتەکانی خۆیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەمەش لە پاش نزیکبوونەوەی ئەنکەرە و دیمەشق بە چاودێری مۆسکۆ ڕووی داوە.
سپۆتنیک لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریداوە سەرجەم نووسینگەکانی نەیارانی سوریا لە خاکی وڵاتەکەیدا دابخات و بە پێی خشتەیەکی کاتی تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم پاڵپشتییە داراییەکانی بۆ ئەو گرووپانە ڕابگرێت.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە دەزگای هەواڵگری تورکیا بە نەیارانی سوریای ڕاگەیاندووە کە دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ شوێنی چالاکییە سیاسییەکانیان ببەنە وڵاتێکی دیکە.
سپۆتنیک ڕایگەیاندووە کە ئەو نەیارانەی سوریا کە مافی نیشتەجێبوونیان لە تورکیا هەیە دەتوانن بمێننەوە بەڵام موڵەتی چالاکی سیاسی یان میدیایی بەوان نادرێت.
پێشتریش مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی و سوریا پەیوەندییان پێکەوە هەیە./.