بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پیتر بەیکر پەیامنێری نیۆیۆرک تایمز و هاوسەرەکەی بە ناوی سۆزان گلێزر پەیامنێری نیۆیۆرکر لە کتێبێکدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بخرێتە بازاڕەوە، ڕایانگەیاندووە کە دوناڵد ترەمپ لە ئەگەری کوشتنی لە لایەن ئێرانەوە ترسی هەیە.
ڕۆژنامەی گاردیەن ئەمڕۆ چوارشەممە 14 ی ئەیلولی 2022 ڕاپۆرتێکی لە سەر ئەو کتێبە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە بە پێی خوێندنەوەی کتێبەکە، ترەمپ لە تۆڵەی ئێرانییەکان بە هۆی کوشتنی (شەهید) قاسم سولێمانییەوە دەترسێت.
ئەو میدیا بەریتانییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە دوناڵد ترەمپ لە کانوونی یەکەمی 2020 بە دۆستانی ڕاگەیاندووە کە نیگەرانە لە تۆڵەی کوشتنی (شەهید) قاسم سولێمانی ژنڕاڵی ئێرانی کە لە هێرشی درۆنەکانی ئەمریکا یەک ساڵ پێش ئەوە کوژرا (شەهید کرا)، ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی بدات.
گاردیەن ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە لە لایەن ئەو دوو نووسەرەوە باس کراوە کە بڕیارە کتێبەکەیان هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بازاڕ بکرێت.
کتێبی ئەو دوو نووسەرە ئەمریکییە بەم ناونیشانە بڕیارە ڕەوانەی بازاڕ بکرێت: ” هۆکاری دووبەرەکی: ترەمپ لە کۆشکی سپی 2017 تا 2021 “.
ئەوان شرۆڤەی سیاسەتی ترەمپیان لە بەرامبەر ئێران کردووە، لە ڕەتکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی کە لە لایەن باراک ئۆباماوە واژۆ کرا تا کشانەوە لەم ڕێکەوتنە و تێکشکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە پێشکەوتووە ئەمریکییەکە لە لایەن ئێرانەوە و پاشان تیرۆری شەهید حاجی قاسم سولێمانی./.