بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بەیاننامەی سێ وڵاتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە سەر دانوستانەکانی ڤیەننا، ڕایگەیاند: جێی داخ و سەرسوڕمانە کە لە هەلومەرجێکدا کە پەیوەندی دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان لایەنەکانی دانوستانەکان و ڕێکخەری وتووێژەکان بۆ بەکۆتایی گەیشتنی دانوستانەکان دەبینرێت، سێ وڵاتی ئەورووپی لە هەنگاوێکی نەشیاو و بە دوور لە تێڕوانینی بەئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان، بەیاننامەی وەهایان بڵاو کردووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە نیازپاکی و ئیرادەی جیدیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان و ڕێکەوتنی هەڵگرتنی گەمارۆکان، سەبارەت بە هەر هەوڵێکی بە شکست گەیاندنی دانوستانەکان هۆشداریی دا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: سێ وڵات بەم بەیاننامە نەگونجاوە، بۆ شکستی دانوستانەکانی ناوەکی بوونەتە شوێنکەوتووی ڕژێمی زایۆنیستی و لە ئەگەری بەردەوامی وەها سیاسەتێک، دەبێت بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ بگرن.
ناسر کەنعانی بە ئاماژە بە مێژووی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەندامی پابەند بە ڕێکەوتنی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی قەدەغەکراو لە گەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، وتی: جێی داخە کە جارێکی دیکە سێ وڵاتی ئەورووپی پاڵپشتی لە ڕژێمێک دەکەن کە سەدان کڵاوەی ناوەکیی هەیە و پابەندی هیچ ڕێکەوتن و بنەمایەکی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا نییە و لە لایەکی دیکەوە پلانی ناوەکیی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانە و لە ژێر توندترین چاودێریدایە و سەرەڕای ئەمەش لە دژی ئەم هاوکاری و پەیوەندییە شەفافەش پڕوپاگەندە و بانگەشەی نەرێنی دەکەن.
ناوبراو ئامۆژگاری وڵاتانی ئەورووپیی کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەڵێنەکانی خۆیان لە بەرامبەر گەلی ئێران و وازهێنان لە زمانی هەڕەشە لە بەرامبەر ئەم گەلە و وتی: شکستی سیاسەتی زیاترکردنی گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لە بەرامبەر گەلی ئێران دەبێت وانەیەک بۆ ئەوانە بێت کە وا دەزانن بە هەڕەشە و سزادان دەتوانن گەلی ئێران لە گەیشتن بە ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی بێبەش بکەن.
کەنعانی لە کۆتاییدا وتی کە ئێران بەردەوام بۆ بەئەنجام گەیشتنی ڕێکەوتن، ئامادەیی و ئیرادەی هەیە و لەو بڕوایەدایە کە لە ئەگەری بوونی ئیرادەی پێویست و ڕێگری لە گوشارە دەرەکییەکان، گەیشتن بە ڕێکەوتنی خێرا بوونی هەیە./.