بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە هاکان فیدان بەرپرسی دەزگای هەواڵگری تورکیا و عەلی مەملوک بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی سوریا لە شاری مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.
ئەو کۆبوونەوە بە نێوەندگێڕی ڕووسیا کراوە و سەرچاوە ئاگادارەکانی تورکیا کۆبوونەوەکەیان بە ئاسایی ناو بردووە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بە هۆی تێڕوانینی ئەرێنیی تورکیا لە بەرامبەر سەرجەم بژاردەکان بە تایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ حکومەتی دیمەشق کراوە. تورکیا بۆ ئەمەش چەندین مەرجی دیاریکردووە، بە تایبەت ئەوەی کە سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان جیدی بێت و هەنگاوی گرنگ لە پێناو پرۆسەی سیاسی و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ خاکی سوریا هەڵبگرێت.
بە وتەی سەرچاوەکان، لێدوانی هەفتەی ڕابردووی ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا بە واتای پاشەکشەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا نییە، لە بەر ئەوەی کە بڕیار نەبووە بە خێرایی ئەوە ڕوو بدات بەڵکوو ئەوەی مەبەستی ئەردۆغانیش بووە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەر دوو وڵات لە ئاستی دەزگا ئەمنییەکاندا بووە.
ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە دەبێت تورکیا واز لە بژاردەی سەربازی لە خاکی سوریا بێنێت و بەوە ڕازی بێت کە حکومەتی دیمەشق کۆنتڕۆڵی خاکی خۆی بکات و هاوکاری و هاوئاهەنگی سەربازی و ئەمنی لە نێوان ئەنکەرە و دیمەشق هەبێت.
ئەگەرچی دەوترێت کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی نەبووە بەڵام هەر دوو لا تێڕوانین و سیاسەتی خۆیان بە ڕوونی خستووەتەڕوو و لایەنی سوری بە ڕاشکاوانە داوایکردووە تورکیا ڕێز لە سەروەری و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بگرێت و خشتەیەکی کاتیش بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و هەروەها ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەنکەرە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان دیاری بکرێت.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە لایەنی تورکیش داوایکردووە هەنگاوی جیدی لە دژی پەکەکە و پەیەدە جێبەجێ بکرێت و لەم پێناوەدا هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەر دوو وڵات بوونی هەبێت./.