بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئوری گوردین فەرماندەی نوێی بەرەی باکوری سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە میدیایەکی ئەو ڕژێمەی ڕاگەیاندووە کە حزبوڵڵای لوبنان توانای مووشەکیی بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای حکومڕانی تەل ئەبیبی هەیە و ڕێژەی ئەو چەک و تەقەمەنییەش کە لەو شەڕەشدا بەکار دێت، زۆر دەبێت.
ناوبراو پێشبینی ئەوەیکرد کە لە ئەگەری شەڕی داهاتوو، ژمارەی ئەو مووشەکانەی کە لە لایەن حزبوڵڵاوە ئاراستەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێت 10 هێندە زیاترە لەوەی کە ساڵی 2006 بینرا.
ئەو فەرماندەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا لە ڕۆژانی سەرەتایی هەر شەڕێکی داهاتوو دەتوانێت 4 هەزار مووشەک ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکان بکات و ئەم ژمارەش لە ڕۆژانی داهاتووی شەڕەکە ڕۆژانە دەگاتە 1000 تا 1500 مووشەک و ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە.
گوردین ڕایگەیاند کە ئەگەر ژمارەی مووشەکە تایبەتەکانی حزبوڵڵاش زۆر نەبێت بەڵام دەتوانێت ناوەندە سەربازییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان بکاتە ئامانج.
وتیشی کە سیستەمی بەرگری مووشەکی لە سەرجەم ناوچەکاندا هەیە بەڵام توانای لەناوبردنی ئەم ڕێژەیە لە مووشەکی نییە و ئەمەش بە واتای زیاتربوونی ڕێژەی زیانەکان لە قووڵایی خاکی ناوچە داگیرکراوەکان دەبێت و شارەکانی حەیفا و تەبریا ئامانجی سەرەکی هێرشەکان دەبن./.