بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی گرووپی تاڵیبان هۆکاری درێژەپێدانی حکومەتی کاتیی ئەم گرووپەی لە ئەفغانستان خستەڕوو.
ناوبراو وتی کە کابینەی تاڵیبان بە هۆی هەندێک کەموکوڕییەوە وەک سەرپەرشتیار چالاکی دەکات بەڵام ئەم حکومەتە کاتییەش بەردەوام دەبێت.
موجاهید وتی: هەندێک کەموکوڕی وەک دەستوور و ئەنجومەنی شورا هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، هیچ وڵاتێک دانی بەو حکومەتەدا نەناوە.
پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ڕیزی گرنگترین مەرجەکانی وڵاتانی جیهانە بۆ ناساندنی فەرمیی تاڵیبان./.