بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 6 ی ئەیلولی 2022 لە چاوپێکەوتنی ڕامۆن بلاسکز نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆمار و وەزیری گواستنەوەی ڤەنزوێلا، بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و کاراکاس بە خێرایی بەرەوپێش دەڕوات، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران دۆستی ڕۆژانی تەنگانەی ڤەنزوێلایە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دۆست، جەختی لە سەر گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی ئەمریکای لاتین کردەوە و وتی: ئامادەین پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتی ڤەنزوێلا لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت بوارەکانی بازرگانی، وزە، یەکنۆلۆژیا، زانست و بەرگری پەرەپێبدەین.
ڕامۆن بلاسکز نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلاش لەو چاوپێکەوتنەدا ڕەزامەندی خۆیی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کاراکاس و تاران دەربڕی و جەختی لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابوری کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێگەی ئێران لە ڕووی توانا تەکنیکی و ئەندازیارییەکانەوە، داوای ئەوەیکرد کە پەیوەندییەکان لەم بوارەشدا زیاتر ببێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا وەزیری گواستنەوەی ڤەنزوێلا کە سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابوری وڵاتەکەی و ئێرانی لە ئەستۆیە، پەیامی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلای گەیاندە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی./.