بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە پاڵپشتییەکانی ڕۆژئاوا لە کیێڤ و گوشارەکانی ئەوان لە دژی مۆسکۆ بەردەوامە، ڕووسیا سەبارەت بە هەڵوێستەکانی یەکێتی ئەورووپا و لێکەوتەکانی لە دژی ئاسایشی گشتیی ئەم کێشوەرە هۆشداریی دا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ سێ شەممە 6 ی ئەیلولی 2022 هەڵوێستی نوێی خۆیی لە سەر دۆخی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە یەکێتی ئەورووپا بیر لە ئاکامی هاوکاریکردنی سەربازیی کیێڤ ناکاتەوە و هەوڵی درێژەپێدانی ئەم شەڕە دەدات.
مۆسکۆ هۆشداریی داوە کە بە هۆی ئەم سیاسەتەی یەکێتی ئەورووپاوە، ئاسایشی ئەم کیشوەرە بە گشتی دەکەوێتە مەترسییەوە.
هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ئەورووپی بە تایبەت بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختیان لە سەر پێویستی بەردەوامیدان بە هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا کردەوە./.