بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری و دارایی ڕایگەیاند کە عێراق سێ جۆرە قەرزی لایە کە قەرزە ناوخۆییەکان، دەرەکییەکان و قەرزە درێژخایەنەکان بە سوودێکی کەمەوە لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو وتی کە ڕێژەی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق نزیکەی 50 ملیار دۆلارە و سوودی ساڵانەی لە سەدا 2 تا 3 دەبێت و لە سەدا 63 ی ئەو قەرزەش پەیوەندی بە بانکی ناوەندی و بانکە حکومییەکانەوە هەیە و بەم پێیەش هەمووی لە چوارچێوەی دارایی حکومەتدایە.
مەزهەر محەممەد ساڵح وتی: قەرزە دەرەکییەکانی عێراق دوو بەشە، یەکەم ئەوەی کە دەبێت بدرێتەوە و نزیکەی 20 ملیار دۆلارە و ساڵانە دەدرێتەوە و تا کۆتایی ساڵی 2028 تەواو دەبێت.
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق وتی کە بەشی دووەمی قەرزەکان 40 ملیار دۆلارە و پەیوەندی بە ڕژێمی پێشووەوە هەیە و بە پێی ڕێکەوتنی پاریس بەشێکی زۆری بەخشراوە و بەو هۆیەوە داوایەک لە سەر بەغدا نییە.
ناوبراو وتی: قەرزە دەرەکییە هەڵپەسێردراوەکانی عێراقیش پەیوەندی بە 8 وڵاتەوە هەیە کە 4 وڵاتیان لە ناوچەی کەنداوی فارسن و ئەو پارەیەش لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بە بەغدا دراوە، ئەو پارەیە بۆ گەشەپێدانی وڵات نەبووە بەڵام دەکرێت لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە لە سەر عێراق لاببرێن.
مەزهەر محەممەد ساڵح وتی: بەشێکی دیکەی قەرزەکانی عێراق، قەرزی درێژخایەنە بە سوودی زۆر کەم کە لە پاش 2003 بۆ گەشەپێدانی وڵات وەرگیراوە و وادەی دانەوەیان 20 ساڵەیە و ڕێژەکەشی 6 ملیار دۆلارە.
بەم پێیەش بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتە نەوتییەکان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر دانەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق نابێت و ئەم وڵاتە زیادەی داهاتە نەوتییەکانی خۆی لە بەشی داراییدا سەرمایەگوزاری دەکات.
عێراق 72 ملیار دۆلار دراوی بیانی و 130 تەن ئاڵتوونی کڕیوە و لە پلەی 30 ی وڵاتای جیهانە لە ڕووی یەدەکی ئاڵتوونەوە.
لە سەدا 95 ی داهات و بودجەی عێراق بەسراوەی داهاتە نەوتییەکانە و بەشەکانی کشتووکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری تەنیا لە سەدا 5 ی داهاتەکانی عێراق لە خۆ دەگرن.
عێراق لە مانگی تەمموزی 2022 نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کرد کە داهاتەکەشی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە./.