بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلۆمبێرگدا هاتووە کە ئەمریکا بەرەو هەر ناوچەیەک دەڕوانێت، ڕکابەرە سەرەکییەکانی بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێن.
ڕووسیا و چین پێش هێرشەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا، هاوبەشییەکی ستراتیژیی بێ سنوریان ڕاگەیاند.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە ئێران بۆ بەرەوپێشچوونی شەڕی ئۆکرانیا هاوکاریی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دەکات.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە پەکین و تارانیش پەیوەندی ستراتیژیی خۆیان هەیە و ئەم پەیوەندییەش مێژووەکەی بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە.
واشنتن هێشتا ڕوبەڕوی هاوپەیمانییەکی یەکگرتووی هەمەلایەنە لە هێزە ڕکابەرەکانی نەبووەتەوە بەڵام ئەم سێ وڵاتە بەرەو ئەو مەبەستە هەنگاو دەنێن.
بۆ ئەمریکییەکان، هاوپەیمانییە سەربازییەکان، نموونەیەکی گونجاوی هاوکاریی نێودەوڵەتییە. جێی سەرسوڕمان نییە، بە پێی ئەوەی کە واشنتن دەیان هاوپەیمانی لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.
هاوپەیمانییەکانی ئەمریکاش چەندین بواری هاوکاری لە سەر کێشە ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا کۆنتڕۆڵکردنی هێزی چین و ڕووسیا لە خۆ دەگرن.
بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە چین و ڕووسیا سەرەڕای ئەم ئامانجە، متمانەشیان بە یەکتر نییە، پوتین لەوە نیگەرانە کە شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین لە شەڕی ئۆکرانیا هاوکاریی نەکردووە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش مۆسکۆ و تاران بۆ ئاستی دەستڕۆیشتوویی خۆیان لە کێبڕکێدان.
بەڵام لە ئێستادا چین و ڕووسیا بەشێکی زۆری کێشە و ئاڵۆزییەکانیان چارەسەر کردووە و گرنگی بە دوژمنێکی هاوبەش بە ناوی ئەمریکا دەدەن، هەر دوو وڵاتیش پەیوەندییەکی بەهێزیان لە گەڵ ئێران هەیە. تاران و مۆسکۆ لە ساڵی 2015 لە سوریا هاوپەیمانی سەربازی بوون، هەروەها چین چەک و کەرەستەی سەربازیی بە ئێران فرۆشتووە و پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە لە ڕووی ئابوری و بازرگانیشەوە لە کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکای دابەزاندووە.
ڕووسیا لە ڕووی پلانی مانگی دەستکردەوە هاوکاریی ئێران دەکات و جیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هاوکاریی نزیکی نێوان ڕووسیا و ئێران بە هەڕەشەیەکی جیهانی دادەنرێت./.