بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە داهاتی دەروازە سنورییەکانی ئەم وڵاتە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو نزیکەی 1900 ملیار دینار بووە.
حەیدەر مەجید بەرپرس لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی بەئەلیکترۆنیکردنی ئیش و کاری گومرک و دەروازە سنورییەکان لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروزە سنورییەکان دەستیپێکردووە.
ناوبراو وتی کە لە دەروازە سنورییەکانی عێراق دۆسیەکانی گەندەڵی کەمیکردووە و ئەمەش بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتی بە دواوە بووە.
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق وتی کە ڕێژەی داهاتی دەروازە سنورییەکان لە ساڵانی 2020 – 2021 و 2022 گەیشتووەتە نزیکەی یەک ترلیۆن و 900 ملیار دینار کە داهاتێکی زۆرە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا لە لایەن دەستەی باڵای دەروازە سنورییەکانەوە مسۆگەر کراوە و بەئەلیکترۆنیکردنی بەشێک لە ئیش و کارەکانیش هۆکارێکی گرنگ لەم پێناوەدا بووە./.