بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق ڕایگەیاند کە عێراق دووەم هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە و بە تەنیایی ئامانجی لە سەدا 15 ی کاڵای هەناردەکراوی ئەم وڵاتەیە بۆ سەرتاسەری جیهان.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق وتی: ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باشوری ئەم وڵاتە لە یەک ئاستدایە.
ناوبراو وتی کە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاوکاری و پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پارێزگارانی پارێزگا سنورییەکانی هەر دوو وڵات بە بەشداریی بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی پارێزگاکان، بەڕێوەبەرانی ئابوری و سەرۆکی یەکێتیە ئابورییەکان و ژوورە بازرگانییەکان دەتوانێت وێڕای دابینکردنی هاوئاهەنگی و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان، بەستێنی گەشەی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق دابین بکات.
ئالی ئێسحاق وتی: بە پێی ئەو پێویستییەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق دەبینرێت، بڕیار دراوە ئەنجومەنی نیشتمانیی سیاسەتدانان بۆ هاوکارییە دووقۆڵییەکانی هەر دوو وڵات لە سەر دەستپێشخەریی ژووری هاوبەشی بازرگانی و بە بەشداری دامودەزگا حکومییەکان و کەرتی تایبەت، ژوورە بازرگانییەکان و پارێزگا سنورییەکان پێک بهێندرێت تا وێڕای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، پلانی بەڕێوەچوونی کۆنفراسی پەرەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و عێراق کاری پێویستی لە سەر بکرێت./.