بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد لاهوتی سەبارەت بە دۆخی بازرگانیی دەرەکی ئێران لە یەک ساڵی یەکەمی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەم یەک ساڵەدا بازرگانیی دەرەکی ڕووی لە گەشەسەندن بووە و ڕێژەی هەناردە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بووە، ئامارەکانی یەک ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی پێشووتری پیشاندەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەیە.
ناوبراو وتی: هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردە و گەشەی بازرگانیی دەرەکی لە پلەی یەکەمدا بۆ سیاسەت و تێڕوانینی کابینەی سێزدەیەم لە سەر بازرگانیی دەرەکی و چالاکوانانی ئەم بوارە دەگەڕێتەوە کە لەوەدا سەرکەوتوو بووە دیسانەوە دڵنیایی بۆ کۆمەڵەی هەناردەکاران بگەڕێنێتەوە و لە بەرامبەردا بە هۆی دابینکردنی کەشی گونجاو و ئەو دڵنیاییە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردە مسۆگەر کرا.
سەرۆکی کۆنفدراسیۆنی هەناردەی ئێران وتی: لە هەنگاوی دووەمەدا حکومەت ئەو کۆسپ و بەربەستانەی بەردەم کەرتی وەبەرهێنانی بەرەو چارەسەربوون برد، هاوردەی مادە سەرەتاییەکانی کەرتی وەبەرهێنان ئاسانتر بووە و بەم هۆیەشەوە ڕێژەی وەبەرهێنان ڕووی لە زیادبوون کرد و لە یەک ساڵی ڕابردوو حکومەت بە دڵنیاییدان و ئاسانکاری لە ئیش و کارە پەیوەندیدارەکان بووە هۆی گەشەسەندنی بازرگانیی دەرەکی.
لاهوتی بە ئاماژە بە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کابینەی سێزدەیەم لە گەڵ ڕووسیا و وڵاتانی دراوسێی دیکە و کاریگەرییەکانی لە سەر بازرگانیی دەرەکی، وتی: حکومەت بەرزکردنەوەی ڕێژەی بازرگانی دەرەکیی لە گەڵ 15 وڵاتی دراوسێ وەک ستراتیژێک داناوە و لەم ڕێگایەشدا هەنگاوی گرنگ هەڵگیراوە و گەشەی بەرچاویش لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ مسۆگەر کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و ڕووسیا وتی: لە ساڵانی ڕابردوو ڕووسیا پەیوەندییەکی زۆری لە گەڵ وڵاتانی دیکە هەبوو و بەم هۆیەوە پەیوەندییەکی سنورداری لە گەڵ هەندێک وڵات هەبوو بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و بەو ڕێکەوتنەی نێوان مۆسکۆ و تاران لە بواری ئاڵوگۆڕی دارایی، کێشەکانی ئەم بەشە بۆ پەرەسەندنی هاوکارییە ئابورییە و بازرگانییەکان چارەسەر بووە.
وتیشی کە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێخراوی هاریکاریی شانگهای و یەکێتی ئابوریی ئوراسیا ئەگەر بە تەواوی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاریگەری خۆیی لە سەر باشتربوونی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەبێت./.