بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر، ئەمڕۆ سێ شەممە 30 ی ئابی 2022، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری نەجەف لە سەر ڕووداوەکانی یەک ڕۆژی ڕابردووی عێراق هاتە دەنگ.
ناوبراو وتی: بەداخەوەم بۆ ئەوەی کە لە عێراق ڕوو دەدات و بەم هۆیەوە داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکەم، ئەوان زەرەرمەندی یەکەمی ئەم دۆخەن، بکوژ و کوژراو هەر دوو لە ئاگرەکەدان.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر وتی: وڵات بووەتە دیلی گەندەڵی و توندووتیژی، چ شۆڕشێکە کە کوشتن و توندووتیژیی تێدا بێت، ئەمە شۆڕش نییە.
سەدر وتی: ئێمە هیوامان بەوە هەبوو کە خۆپێشاندانەکان ئاشتیانە بێت نە بە چەکەوە، من ئێستا لەم شۆڕشە ڕەخنە دەگرم، دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی دەکەم کە بێ لایەنانە وەستان، دەستخۆشی لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانیش دەکەم.
ناوبراو داوای لە سەرایا سەلام و لایەنگرانی ڕەوتی سەدر کرد کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا واز لەم دۆخە و خۆپێشاندان و مانگرتنە بێنن و پاشەکشە بکەن و وتی کە ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات واز لە ڕەوتی سەدریش دێنم.
سەرۆکی ڕەوتی سەدر وتی کە من تەنیا هاووڵاتییەکی عێراقیم و بە تەواوی وازم لە سیاسەت هێناوە./.