بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەبارەت بە هۆی درووستکردنی گەرماوی چواروەرزی ئەراک هاتووە کە بە هۆی نیمچە سەقامگیرییەکەی سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ، سوڵتان ئاوا یان ئەراک گەشەی ئابوری زۆر باشی بە خۆوە بینی و دەسەڵاتدارانی خۆجێی بە تایبەت براکەی ئەمیر کەبیر بە ناوی میرزا حەسەن خان، مستەوفی ئەلمەمالک و نوێنەرەکانی هەڵسووکەوتی زۆر باشیان لە گەڵ خەڵک هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە 85 خێزانی جولەکە لە سنجان و گوندەکانی دەوروبەر بۆ سوڵتان ئاوا یان ئەراک کۆچ بکەن.
ئەوان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی سپێهداری لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شەقامی موحسینی نیشتەجێ بوون. ئەم گرووپە ئیمکانیاتی زۆریان هەبوو بەڵام گەرماویان نەبوو. گەورەکانی کەمینەکان سەردانی زانایان و مەرجەعەکانیان کرد و داوای چارەسەرکردنیان کرد. حاجی محەممەد ئیبراهیم خوانساری لە گەورە کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمەی شارەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بووە پێشەنگ تا گەرماوێک درووست بکات کە سەرجەم خەڵک و کەمینەکان بە ڕەچاوکردنی یاسای شەرع بە ئاسانی بەکاری بێنن. ناوبراو فەرمانی بەوە کرد لە بەرامبەر قەڵا تایبەتەکەی گەرماوەکە درووست بکرێت. بەم پێیەش بینای گەرماوەکە نزیکەی 100 ساڵی ڕابردوو و لە سەردەمی حکومەتی ئەحمەد شای قاجاڕ لە لایەن محەممەد ئیبراهیم خوانسارییەوە بونیاد نرا. ئەم بینایە لە ساڵی 1292 تا 1294 بونیاد نرا. ئەم گەرماوەش تەنیا گەرماوێکی ئێرانە کە تێیدا بەشێکی جیا بۆ کەمینە ئائینییەکان هەیە.
ئەم بینا پڕبایەخە وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری ئەراکە و لە ساڵی 1356 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 1339 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە و لە ساڵی 1373 ی کۆچی هەتاویش پاش نۆژەنکردنەوەی، وەک مۆزەخانەی کەلەپوری و مرۆڤناسی کرایەوە و لە ئێستادا ڕۆژانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و هونەردۆستان دەکات.
ناوی چواروەرز لەو تابلۆ کاشییانە لە چوار بەشی گەرماوەکە وەرگیراوە کە بە پێی هەلومەرجی جیاوازی وەرزەکانی ساڵ نەخشێندراوە.
گەرماوی چواروەرز کە لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای مەرکەزیی ئێران لە شاری ئەراکە، کەوتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شەقامی دکتۆر بەهەشتی. ئەم گەرماوە چوار دەرگای هەیە کە دوو ڕێگای لە شەقامی شەهید بەهەشتی و دوو ڕێگای دیکە لە گەڕەکی شارەوانی لە باکور و گەڕەکی مزگەوتی حاجی محەممەد ئیبراهیم لە باشور دەگاتە ئەم گەرماوە.
ئەم گەرماوە نزیکەی 1600 مەتری چوارگۆشە ڕوبەری هەیە و لە چوار بەشی جیای پیاوانە، ژنانە، تایبەت بە کەمینە ئائینییەکان و گەرماوی تایبەت پێکهاتووە و بە گەورەترین گەرماوی ئێران دەناسرێت.
ئاوی پێویستی گەرماوەکە لە ڕێگای کارێزەکانەوە دابین دەکرێت.
لە ئێستادا لە ڕوبەری 16 هەزار مەتریی بیناکە، نزیکەی 5 هەزار مەتری کراوەتە مۆزەخانە و کەرەستە و ئەشیای زۆر گرنگ و پڕبایەخی سەردەمە جیاجیاکانی پێش و پاش هاتنی ئیسلامی تێدا هەڵدەگیرێت./.